ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران پێکدەهێندرێ و لاریجانی بەربژێرە بۆ بوونە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتدا دەکرێن و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.
 
ئاژانسی هەواڵیی فارس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، "هەندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کراون، بڕیارە ئەنجوومەنێکی نوێ بەناوی (ئەنجوومەنی بەرگری) لەنێو ئەو دامەزراوەیەدا پێکبهێندرێت."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەرکی ئەنجوومەنە نوێیەکەی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران "ئەنجامدانی ئەرکە ستراتیژییەکان لە بواری سیاسەتەکانی بەرگریی وڵات دەبێت."
 
ئاژانسەکە دەڵێت، "ئەنجوومەنی بەرگری بە بەشێک لە رێکخستنی نوێی دەسەڵات لە بواری بەرگری و ئاسایش دادەنرێت."
 
ئاژانسی هەواڵیی فارس نیوز ئاماژە بەوە دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران دەستنیشان بکرێت.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئێستای ئەنجوومەنەکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسیارێتی چەند دۆسیەیەکی تایبەت و ستراتیژیی ئێرانی پێدەدرێت.
 
پێگەی نوورنیوزی ئێران لە 28ی تەممووزی 2025 رایگەیاند، "ئەگەری روودانی هەندێک گۆڕانکاریی بەپەلە لەنێو ژمارەیەک لە دەزگا ئەمنییە باڵاکانی وڵاتدا زیادی کردووە."