لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران: تاوەکو دوو مانگی دیکە کێشەی کەمیی گۆشت و مریشک سەرهەڵدەدات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران هۆشداری لە کەمیی گۆشتی سوور و مریشک لەو وڵاتە لە دوو مانگی داهاتوودا دەدات و دەڵێ، نرخیان زۆر بەرز دەبێتەوە.
رەزا حاجیپوور، گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی کەمیی ئالیک، بەشێک لە خاوەن کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەستیان بە سەربڕینی ئاژەڵەکانیان کردووە؛ هەروەها کێڵگە پەلەوەرییەکانیش ئەو کێشەیەیان هەیە و دانەوێڵە و خۆراکی پێویست، بە تایبەت جۆ و گەنمەشامییان دەست ناکەوێ، بۆیە بەرهەمهێنانی مریشکیان کەمکردووەتەوە و رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا رایبگرن.
گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێ، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئەو وڵاتە دەبێ و پڕۆسەی دابینکردن و خستنەبازاڕی گۆشت و مریشک تووشی کێشە دەکات.
رەزا حاجیپوور گوتی، ئەگەر حکومەت لە یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر نەکات، بەرهەمهێنان کەمدەبێتەوە و بەوەش نرخ لە بازاڕدا زۆر بەرز دەبێتەوە.
هاوکات پەرویز فروغی، سکرتێری ناوەندی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی ئێران رۆژی 02-11-2025 رایگەیاند، دەڵاڵەکان دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە بازاڕدا. ئەوان مریشک بە کیلۆی 90 هەزار تمەن لە کێڵگەکان دەکڕن و لە بازاڕدا تاوەکو بە 170 هەزار تمەنی دەیفرۆشنەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیش چاودێری بازاڕ ناکەن.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، بەرزترین رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ لەو وڵاتە لە بەشی خواردەمەنییەکان و بەتایبەت گۆشتی سوور و مریشکدایە.