عەلی لاریجانی: ئێران ئامادەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام دەبێ دانوستاندنەکە راستەقینە بێت

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام دەبێ دانوستاندنەکە راستەقینە بێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی تشرینی 2025 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ زانایانی زانستە مرۆییەکانی وڵاتەکەی لە تاران، باسی دۆسیەی ئەتۆمی، ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم دانوستاندنەکان کرد.
 
عەلی لاریجانی رایگەیاند، هەموو ئامانجی دووژمن شکاندنی ویست و ئیرادەی گەلی ئێرانە و گوتی: "دەڵێن نابێت پرۆگرامی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیومتان هەبێت. ئەوان هەڵپەرستن، چونکە سەردەمانێک خۆیان دەیانگوت ئێران دەتوانێت پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت."
 
دەشڵێت: "دەڵێن دەبێ مەودای مووشەکەکانتان کەم بکەنەوە و ئەوەی ئێمە دەیڵێین لە ناوچەکە جێبەجێ بکەن. داواکارییەکانی دوژمن کۆتاییان نییە و پێویستیمان بە بەرخۆدانێکی نیشتمانی هەیە؛ ئێرانییەکان دەبێ قبووڵی بکەن کە لە بەرامبەر داواکارییەکانیان بوەستنەوە."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، کە تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام دانوستاندنێک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و رێزگرتنی دوولایەنە بێت.
 
عەلی لاریجانی گوتی: "ئێمە ناڵێین دانوستاندن ناکەین، بەڵام دەبێت دانوستانەکە راستەقینە بێت."
 
لاریجانی ئەوەشی خستەڕوو، "دانوستاندن میتۆدێکە، بەڵام دەبێت لە کاتی گونجاودا بکرێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کۆماری ئیسلامی بەدوای دانوستان نەکردندایە، ئێمە خەریکی دانوستاندن بووین کاتێک دووژمن هاتە ناو شەڕەوە."
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێرانیش ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا هەندێک پەیامی پێگەیشتووە.
 
فاتمە مهاجرانی گوتیشی، دواتر "لە کاتێکی گونجاودا سەبارەت بە چۆنایەتی و چەندایەتیی پەیامەکان " و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار روونکردنەوە دەدات.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش لە کاتی بەسەرکردنەوەی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە. جەختیشی لەسەر بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردەوە.