تەندروستیی ئێران: زیاتر لە 41 هەزار تووشبووی ئەیدز لە ئێران هەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، 41 هەزار تووشبووی ئەیدز لە ئێران هەن تەنیا 25 هەزاریان دیاری کراون و بەشەکەی دیکە بە شاراوەیی ماونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 1ی کانونی یەکەمی 2025 قوباد مورادی، سەرۆکی ناوەندی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئامار تاوەکو 21-9-2025 لە ئێران 41 هەزار و 509 تووشبووی ئەیدز لە ئێران هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 25 هەزار و 870 تووشبوو تۆمارکراون."
 
قوباد مورادی گوتی: "لەو ژمارەیە 768 کەسیان لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025 واتە لە ماوەی شەش مانگدا تۆمارکراون."
 
قوباد مورادی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 21-3-2024- تاوەکو 21-3-2025 واتە لە ماوەی یەک ساڵدا 419 کەس بە هۆی نەخۆشیی ئەیدز گیانیان لە دەستداوە."
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەیدز لە ئێران 23 هەزار و 971 تووشبووی ئەو نەخۆشییە گیانیان لە دەستداوە.
 
بە گوتەی قوباد مورادی: "لە ساڵی 2006 تەنیا 9٪ تووشبووان بەهۆی پەیوەندییە سێکسییەکان بووە، بەڵام ئێستا زۆربەی تووشبووەکان بەهۆی پەیوەندی سێکسییەوە تووش بوون."
 
قوباد مورادی گوتی: "لە ماوەی 15 ساڵدا ژمارەی تووشبووانی ئەیدز لە ئێران 30٪ زیادی کردووە."
 
ئەیدز زیاتر لە رێگەی خوێن، سێكس یانی لە دایکەوە بۆ کۆرپە دەگوازرێتەوە. 
 
نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ. نەخۆشیی ئەیدز تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی بنبڕی نییە. تەنیا لە رێگەی هەندێک دژە ڤایرۆسەوە رێگریی لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە بەنێو لەشی مرۆڤدا دەکرێت.