رەئیسی: پێویستە ترەمپ بە مەرگ سزابدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا دەڵێت، پێویستە سزای مردن بۆ دۆناڵد ترەمپ دەربکرێت.
رۆژی دووشەممە، بۆنەیەکی گەورە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بۆ وەبیرهێنانەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سازکرا، کە لە سێی کانوونی دووەمی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا کوژرا.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە بۆنەکدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی دۆناڵد ترەمپ "دوژمنکار و بکوژی سەرەکی" قاسم سولەیمانییە و پێویستە "لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و بکوژرێت."
رەئیسی هەڕەشەی تووندی لە سەرکردەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەگەر میکانزمێک بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی ترەمپ و پۆمپەیۆ و تاوانکارەکانی دیکە ئامادە بکرێت، ئەگەر تاوانەکانیان لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، ئەگەر لە بەرامبەر تاوانەکانیان سزا بدرێن، ئەوا باشە. ئەگەر نا، من بە سەرکردەکانی ئەمریکا دەڵێم، هیچ گومانتان نەبێت، ئومەت قۆڵی تۆڵەسەندنەوەی لێ هەڵدەماڵێت."
ئەو بۆنەیە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیاردەخات، کە لە دوای بڕیاری کشاندنەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 دەستیانپێکردووە.