نوێنەری ئێران لە UN: بەرپرسیارێتیی دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەکی دیکە لە ئەستۆی ئەمریکایە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ و دەڵێ، لێدوانەکانی دەرخەری ''هەڵوێستی نایاسایی'' ئەمریکان بەرامبەر خۆپێشاندانە ناڕەزاییەکانی ئێران؛ هۆشداریش دەدات، ''بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی ئەم هەڕەشە نایاساییە و دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەکی دیکە، لە ئەستۆی ئەمریکایە.''
رۆژی هەینی 02-01-2026 ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکای کرد سەبارەت بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، ''نموونەیەکی دیکەی ئاشکرای دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆییمان و پێێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە''.
دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا گوتی، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێ، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێ. ئێمە چەکبەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."
سەعید ئیرەڤانی گوتی، ''تەنیا چەند رۆژێک لەمەوپێش، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا و بە ئاماژەدان بە هێرشی سەربازیی دووبارە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکان و تواناکانی بەرگریی ئێران، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە. ئەم لێدوانە دووبارەیە و بە مەبەستە، هەڵوێستی نایاسایی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و هەڕەشەیەکی روون، ئاشکرا و نایاساییە، بۆ بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری؛ هەروەها دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەمان.''
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ''هەر هەوڵێک بۆ هاندان یان رەوایی بەخشین بە ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان بە مەبەستی گوشاری دەرەکی یان دەستوەردانی سەربازی، پێشێلکاریی سەروەری، سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی ئێرانە و سەرپێچییە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان.''
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی هۆشداری دەدات کە ''ئێران، ئەو لێدوانە نابەرپرسانەیە، دەستوەردان و ئاژاوەگێڕی رەتدەکاتەوە و بە تووندی سەرکۆنەی دەکات؛ جارێکی دیکەش جەخت لە مافی رەوای خۆی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک، ئاسایشی نیشتمانی لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەکاتەوە.''
وەڵامەکەی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قسەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کە لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.