ئۆکراینا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکدا کە بە زمانی فارسی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند وڵاتەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی دەڵێت: "ئۆکراینا ئەو هەزاران درۆنەی جۆری شاهید کە شار و گوندەکانمانیان کردە ئامانج، لەبیر ناکات."
دووشەممە 2-2-2026، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پۆستێکی بە زمانی فارسی کردووە و تێیدا پێشوازی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران.
زیلینسکی نووسیویەتی: "هەموو دونیا دەبینێت کە چۆن خەڵکی ئێران دەکوژرێن و رژێمی ئەو وڵاتە سەرچاوەیەکی زەبەلاحی بۆ فراوانکردنی شەڕ و تووندوتیژی لە ناوچەکە و جیهان تەرخان دەکات."
سەرۆکی ئۆکراینا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لای ئەوان یەکلایی بووەتەوە و دەڵێت: "هەموو تیرۆریستەکانی جیهان شایانی رووبەڕووبوونەوە و سەرکۆنەکردنێکی یەکسانن، نابێت یەک دانەشیان سەرکەوێت."
دەگوترێت درۆنی خۆکوژیی جۆری (شاهید 136)ی ئێرانی، کە یەکێکە لە دروستکراوەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بەشێوەیەکی بەرفراوان لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەکارهێنراوە.
هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بەردەوام رەتیدەکەنەوە کە لە جەنگی ئۆکراینادا درۆنیان دابێتە رووسیا، بەڵام رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو، سەربازانی ئێران لە نیمچە دوورگەی کریمیا راهێنان بە هێزەکانی رووسیا دەکەن بۆ بەکارهێنانی درۆنەکان.