هێڵی ئاسمانیی ئێران گەشتەکانی بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئێران رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران-ئیستەنبووڵ دەستپێدەکەنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی شوبات، گەشتەکانی هێڵی (تاران- ئیستەنبووڵ- تاران) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تارانەوە دەستپێدەکەنەوە.
 
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئێران رایگەیاندووە، گەشتەکان بە شێوەی چوون و هاتن دەبن و لەم هەفتەیەدا رۆژانە گەشتێکی ئاسمانی لە نێوان تاران - ئیستەنبوڵ دەکرێت.
 
بە گوێرەی کۆمپانیاکە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە تاوەکو رۆژی هەینی 8 گەشتی چوون و هاتن لە نێوان تاران - ئیستەنبووڵ دەکرێت و لە هەر گەشتێکی چوون و هاتندا 500 کەس دەتوانن گەشت بکەن.
 
گەشتەکانی هێڵەکە لە 6ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە بەهۆی هەندێک کێشە لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ و وەستاندنی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەکان بۆ گەشتەکانی سەر بە کۆمپانیاکە راگیرابوون.