ئاژانسی فارس: تەرمی عەلی خامنەیی لە مەشهەد بە خاک دەسپێردرێ


رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، بڕیار دراوە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای ئەنجامدانی رێوڕەسمی ماڵئاوایی، لە شاری مەشهەد بە خاک بسپێردرێ.
 
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئێستا لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەکان سەرقاڵی پلاندانانن بۆ سازکردنی مەراسیمێکی گەورەی ماڵئاوایی لە تاران "بۆئەوەی هاووڵاتییان بتوانن ماڵئاوایی کۆتایی لە رێبەری وڵاتەکەیان بکەن." بڕیاریشە دواتر تەرمەکەی بۆ مەشهەد بگوازرێتەوە و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 01-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هێرشەکانی رۆژی 28ی شوباتی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا پشتڕاستکردەوە و دواتریش حکومەتی ئێران 40 رۆژ پرسەی راگەیاند و 7 رۆژیشی کردە پشوو.
 
ئاژانسی فارس ئاماژەی بەوەش کرد، وردەکاریی تەواوی رێوڕەسمەکە، لەوانە کات و خشتەی بەرنامەکان، دوای پەسندکردنیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بە فەرمی بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێن.
 
عەلی خامنەیی لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایکبوو، لە 09-10-1981 تاوەکو 16-08-1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو، لە ساڵی 1987 بووە یەکەم سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە ساڵی 1989 جێگەی روحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.