جێگری پاریزگاری ئەلبورز: هێرشکردنە سەر بەرزەپردی کەرەج 8 کوژراو و 95 برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری ئەلبورز رایگەیاند، لە رووداوی هێرشکردنە سەر بەرزە پردی B1 لە کەرەج، 8 کەس کوژراون و 95 کەسی دیکەش بریندار بوون.
قودەرتوڵڵا سەیف، جێگری پارێزگاری ئەلبورز بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی شەوی پێنجشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، نیوەڕۆی پێنجشەممە هێرش کرایە سەر بەرزە پردی کەرەج و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
قودەرتوڵڵا سەیف گوتی: "لە هێرشەکەدا 8 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 95 کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە لایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوێزرانەوە."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری ئەلبەرز، کوژراوان و بریندارانی هێرشەکە، ژمارەیەک لە دانیشتواونی گوندی بیلەقان، گەشتیاران و ئەو کەسانەن کە بە بۆنەی رۆژی سێزدە بەدەر چووبوونە دەرەوە و بەشێکیان لە نزیک بەرزەپردی B1 کەرەج دانیشتبوون.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، شاری کەرەج و دەوروبەری بە خەستی بۆردوومان کرا و یەکێک لەو شوێنانەی هێرشی کرایە سەر بەرزەپردی B1 بوو کە بەهۆیەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
بەرزەپردی B1 ، بە بەرزی 132 مەتر، بەرزترین پردی ئێرانە. ساڵی 2016 بە گوژمەی یەک تریلیۆن تمەن بەردی بناخەی دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە.