مانگی سووری ئێران: کۆگەیەکی فریاگوزاریمان لە بوشێهر بە درۆن بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، بە درۆن هێرش کرایە سەر کۆگەیەکی فریاگوزاریی سەر بە کۆمەڵەکە لە پارێزگای بوشێهر لە باشووری ئەو وڵاتە و هێرشەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
رۆژی هەینی، 3ی نیسانی 2026، کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 5، بە درۆن هێرش کرایە سەر کۆگەیەکی فریاگوزارییان لە ناوچەی چەغادەک لە پارێزگای بوشێهر، لە ئەنجام دا ئامێر و کەرەستەکانی نێو کۆگەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەدا دوو کۆنتێنەری فریاگوزاری و پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری بە تەواوی لەنێوچوون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرش بۆ سەر کۆگەی مانگی سووری ئێران لە بوشێهر لە کاتێکدایە، کە بەپێی رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و لەوانەش پەیماننامەی جنێڤ، کردنە ئامانجی کەرەستە و ژێرخانە تەندروستی و فریاگوزارییەکان بە تەواوی قەدەخەیە.