ژێرخانەکانی وزە و کارەبای ئێران دەکرێنە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
هێرش و بۆردوومانی سەر شارە جیاوازەکانی ئێران تادێت فراوانتر دەبێت. چەندین پێگەی سەربازیی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە شارەکانی تاران، کەرەج و شیراز، هەروەها کۆگەی چەک و تەقەمەنی لە ئیسفەهان، بەهارستان و بێهبەهان بە خەستی بۆردوومان کران.
دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، ژێرخانەکانی ئێرانیش دەکرێنە ئامانج، لەوانەش بەرزەپردی بی وەن لە شاری کەرەج، کە بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران 8 کوژراو و 95 برینداری لێکەوتەوە.
ئارەش رەزاخانی، هاووڵاتی و دانیشتووی کەرەج دەڵێت: "ئەمە گەورەترین پردی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، واتە گەورەترین پردی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو تاوەکو کاژێرێک لەمەوپێش، پێش ئەوەی رژێمە تاوانبارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم بەڵایەی بەسەردا بهێنن. ئەمە شاکاری ئەندازیارانی ئێرانی بوو، بەرزیی کۆڵەکەکانی 134 مەتر و مەودای نێوان کوڵەکەکانی 200 مەتر بوو. ئەگەر ئەمە تاوانی جەنگ نییە، ئەگەر ئەمە هێرش بۆ سەر ژێرخان نییە، ئێوە چ ناوێکی لێ دەنێن؟"
لە 48 کاژێری رابردوودا، لە تاران و کەرەج هێرشکرایە سەر ژێرخانی وزە و کارەبا. لە شاری مەشهەد-یش لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران کۆگەکانی سووتەمەنی بۆردوومان کران.
هەروەها ناوەندی ئینستیتیوتی پاستور لە نێو پایتەختی ئێران کرایە ئامانج، کە کاردانەوەی تووندی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی نوێترین ئاماری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، زیاتر لە 118 هەزار شوێنی سڤیل لەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 39 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دەڵێت: "تاوەکو ئەم ساتەی کە قسەی تێدا دەکەین، نزیکەی 118 هەزار و 580 یەکەی سڤیل کراونەتە ئامانج. نزیکەی 40 هەزار لەم ناوەندە سڤیلانە لە شار و پارێزگای تاراندان. 316 ناوەندی دەرمانی، کلینیک، دەرمانخانە و نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە. 763 ناوەندی پەروەردەیی و قوتابخانە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هێرشەکانەوە. 18 زانکۆی گەورەی وڵات زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها 19 ناوەندی مانگی سوور زیانیان بەرکەوتووە."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێدەنێتە هەفتەی شەشەمەوە و بەردەوامە، زیانە گیانی و مادییەکانیش زیاتر دەبن.
لە دوایین هەڵویستیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد، ئەگەر خۆی بەدەستەوە نەدات، قۆناخ بە قۆناخ ژێرخانەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، لەوانەش ژێرخانی کارەبا دەکاتە ئامانج، ئێرانیش لە وەڵامدا رایگەیاند دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.