مەقامبێژێکی ناسراوی خۆراسان کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
عیسا قوڵیپوور، مەقامبێژ و ژەنیاری ناسراوی تورک کە بە کوردی گۆرانی دەگوت، کۆچی دواییکرد.
عیسا قوڵیپوور ئەمڕۆ هەینی لە تەمەنی 82 ساڵی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و هەڵکشانی تەمەن لە شاری بوجنوردی پارێزگای خۆراسانی باکوور کۆچی دواییکرد.
قوڵیپوور بە رەچەڵەک تورک بوو، بەڵام لە مێرمنداڵییەوە هۆگری مۆسیقا و ئاوازی کوردی دەبێت و لە ناودارترین مەقامبێژانی کوردی و ژەنیارانی دووتار بوو لە خۆراسانی باکوور و بە "عیسا بەخشی" ناسرابوو.
لە خۆراسان ناسناوی "بەخشی" دەدرێت بەو مەقامبێژانەی هاوکات لەگەڵ ژەنینی دووتار، مەقام و ئاواز دەخوێنن.
عیسا بەخشی ساڵی 1942 لە گوندێکی سەر بە شاری بوجنورد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور لەدایکبووە و ساڵی 2016 وەزارەتی کولتووری ئێران مەدالیای پلە یەکی هونەری بەو هونەرمەندە بەخشی.