فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی: لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 200 گەشت کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای راوەستانی شەڕ و جێگیربوونی ئاگربەستە "تۆکمە بەڵام ناسکەکەی" نێوان تاران و بەرەی ئەمریكا - ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی بە خێرایی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و تەنیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 21 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسلام ئاباد بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان بۆ رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 25 نیسان بۆ 1ی ئایاردا جموجووڵێکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئیمام تۆمارکراوە. جەواد ساڵحی ئارتیمانی، جێگری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە بۆ کاروباری فڕۆکەوانی رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 202 گەشتی ئاسمانی کراون 100 گەشتی دەرچوو و 102 گەشتی هاتوو).
 
ئارتیمانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە 21 هەزار و 549 گەشتیار لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند بوون؛ لەو ژمارەیە نزیکەی 11 هەزار و 400 کەسیان گەشتی دەرەوەیان کردووە. رۆژی 1ی ئایار بە قەرەباڵخترین رۆژ دیاری کراوە کە 38 گەشتی تێدا کراوە و کاژێر 05:00 بۆ 06:00ی ئێوارەش وەک کاتی لووتکەی قەرەباڵخی تۆمارکراوە.
 
ئاساییبوونەوەی گەشتەکان هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان. ئیسلامئاباد، وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی، دوایین پێشنیازی ئاشتیی تارانی گەیاندووەتە واشنتن. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە لە پێشنیازە نوێیەکە "رازی نییە"، بەڵام بەردەوامیی گەشتە مەدەنییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران تا رادەیەک دڵنیایە لەوەی کە بەم نزیکانە ئاسمانەکەی نابێتەوە گۆڕەپانی جەنگ.
 
فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی نزیکەی دوو مانگ بەهۆی جەنگەوە داخرابوو، کردنەوەی دەرگاکانی بە رووی 202 گەشتدا لە هەفتەیەکدا پەیامێکی سیاسییە هاوتەریب لەگەڵ پەیامە ئابوورییەکە.