ئێران فەرمانگەکان پابەند دەکات بەکارهێنانی کارەبا 70% کەم بکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار زیان بە تۆڕی کارەبای وڵاتەکە گەیشتووە. بۆ رێگریکردن لە کوژانەوەی گشتیش، بڕیاردرا تەواوی فەرمانگەکان دوای کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ، بەکارهێنانی کارەبا 70% کەم بکەنەوە.
ئەکبەر حەسەنبەکلۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران، رایگەیاند کە تۆڕی کارەبای پارێزگاکە لەم ماوەیەدا رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بووەتەوە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لەو هێرشانەدا 487 خاڵی تۆڕەکە، 91 وێستگە و 129 کیلۆمەتر لە تێل و کێبڵەکان زیانیان بەرکەوتووە.
حەسەنبەکلۆ ئاماژەی بەوەش کرد، قەبارەی زیانەکان بە نزیکەی 2.17 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێندرێت. سەرەڕای قەبارەی زیانەکان، باسی لەوە کرد کە 250 تیمی ئۆپەراسیۆنی لە ئامادەباشیدا بوون و توانیویانە بە تێکڕا لە ماوەی 43 خولەکدا کێشەی بڕانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکاندا چارەسەر بکەن.
سەبارەت بە دۆخی کارەبای کەرتی پیشەسازی، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای تاران گوتی: "لە کۆی 25 شارۆچکەی پیشەسازی، 23یان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام توانراوە لە کەمترین کاتدا کارەبایان بۆ بگەڕێندرێتەوە."
بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی نیشتمانی و دابینکردنی کارەبا بۆ ماڵان، حکومەتی ئێران بڕیاری داوە فەرمانگەکان لە دوای کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆوە، بەکارهێنانی کارەباکەیان 70% کەم بکەنەوە.
ئەم زیانانەی بەر کەرتی وزەی ئێران کەوتوون، لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتەی دەکرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە "کۆتایی بە شارستانییەت" لە ئێران دەهێنێت.
رۆژی 8ـی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان هەردوولا راگەیێندرا، دواتریش لە 21ـی نیساندا، واشنتن بڕیاری دا ئاگربەستەکە بۆ کاتێکی نادیار درێژ بکاتەوە.