راوێژکارێکی رێبەری ئێران بۆ ترهمپ: دنیای سیاسەت گۆڕەپانی فیلمی 'جاک سپارۆ' نییە
رووداو دیجیتاڵ
عەلیئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، هێرشی تووند دەکاتە سەر دۆناڵد ترهمپ و رەفتارەکانی بە "سەرەڕۆیی" وەسف دەکات. رایدەگەیێنێت، تێکشکانی خەیاڵەکانی کۆشکی سپی دەستیپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، عەلیئەکبەر ویلایەتی لە تۆڕی ئێکس سەبارەت بە هەڵوێستە دواییەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرەڕۆیی و رەفتارە نائاساییەکانی ترهمپ ناتوانن پەردەپۆشی بارودۆخە جیۆپۆلیتیکییە هەستیارەکان بکەن."
"خەیاڵەکانی کۆشکی سپی تێکشکاون"
راوێژکارەکەی رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، لاوازکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ و دووبارەبوونەوەی کێشە تەکنیکییەکان لەناو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکادا، نیشانەی "تێکشکانی ئەو خەیاڵانەن کە کۆشکی سپی هەیەتی."
تەنگەی هورمز و ئاسایشی خۆراک
ویلایەتی، وەڵامی هەڕەشەکانی ترهمپی دایەوە سەبارەت بە "برسیکردنی ئێران" و گوتی، "ئەم هەڵوێستە بێئاگایی ترهمپ لە دۆخی ئابووری و سیاسیی جیهان نیشان دەدات."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئێستا ئاسایشی خۆراکی جیهان و زنجیرەی دابینکردنی پەینی کیمیایی لە تەنگەی هورمز "لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە" و هۆشداری دا کە هەر جۆرە یارییەک بەم هێڵە، جیهان و ئەمریکا دەخاتە ناو "بنبەستێکی کوشندە."
"سیاسەت فیلمی سینەمایی نییە"
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلیئەکبەر ویلایەتی بە زمانێکی تەنزئامێز رووی دەمی کردە دۆناڵد ترهمپ و گوتی، "بەڕێز ترهمپ! دنیای سیاسەت گۆڕەپانی فیلمەکانی وەک 'جاک سپارۆ' نییە. هەر کەسێک یاری بە هێڵی ژیانی جیهان بکات، خۆی دەخاتە ناو بنبەستێکی کوشندەوە!"