موحسین رەزایی بۆ ئەمریکا: خۆتان بۆ گۆڕستانێک لە کەشتییەکانتان و هێزەکانتان ئامادە بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "خۆتان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕستانێک لە کەشتییەکانتان و هێزەکانتان ئامادە بکەن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی نیسانی 2026، موحسین رەزایی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداریی دا لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و رایگەیاند، وڵاتەکەی توانای نوقمکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و کەشتییە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکای هەیە.
 
راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئێران، ئەمریکا بە چەتەگەریی دەریایی تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەمریکا تەنیا چەتەی دەریاییە لە جیهاندا کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هەبێت. توانای ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی چەتە دەریاییەکان کەمتر نییە لە توانای نوقمکردنی کەشتییە جەنگییەکان."
 
موحسین رەزایی دەشڵێت: "خۆتان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕستانێک لە کەشتی و هێزەکانتان ئامادە بکەن، هەروەک چۆن پاشماوەی فڕۆکەکانتان لە ئیسفەهان بەجێما."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە دانوستاندنەکانی نیوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی پاکستان گەیشتوونەتە بنبەست. پێشتر ئێران رایگەیاندبوو کە پرۆژەیەکی 14 خاڵییان داوەتە واشنتن و لە ڕیگەی پاکستانەوە وەڵامی ئەمریکایان پێگەیشتووە و ئێستا خەریکی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی وەڵامەکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی رایگەیاند: "ئاگاداری چوارچێوە و چەمکە گشتییەکانی بوومەتەوە و دەقی پێشنیازەکەش بەمزووانە دەگاتە دەستم."
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال-یش نووسیویەتی: "بەمزووانە ئەو پرۆژەیەی ئێران بۆی ناردووین هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەم، بەڵام ناتوانم وێنای بکەم کە جێگەی قبووڵکردن بێت."