نرخی لیترێک شیری گوێدرێژ لە ئێران گەیشتووەتە 15 دۆلار
رووداو-هەولێر
بەخێوکردنی گوێدرێژ لە ئێران بۆ بەروبوومەکانی زیادیکردووە و نرخی هەر لیترێک شیری ئەو ئاژەڵە گەیشتووەتە 15 دۆلاری ئەمریکی.
یەک لیتر شیری گوێدرێژ لە ئێران بە 15 دۆلاری ئەمریکییە، لەکاتێکدا نرخی شیری مانگا بە0.60 دۆلار دەفرۆشرێت. نرخی کیلۆیەک پەنیری گوێدرێژ لەنێوان 70 بۆ 85 دۆلارە، ئەوەش ئەو جیاوازییە گەورەیە دەردەخات کە لەنێوان بەرهەمی گوێدرێژ و ئاژەڵەکانی دیکە هەیە.
هەرچەندە گوێدرێژ لای هەندێک بە سیمبولی دەبەنگی و گاڵتەپێکردن دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بۆ گواستنەوە و هاتووچۆ سوودی لێوەردەگیرێت، ئێستا ئەو ئاژەڵە لە چەند ناوچەیەکی ئێران خواستی زۆری لەسەرە و نرخەکەشی بەراورد بە ئاژەڵەکانی دیکە لە بەرزبوونەوە دایە، بەهۆی ئەوەی سوودی زیاتر لە بەرهەمەکانی وەردەگیرێت وەک شیر، پەنیر، گۆشت و پێستەکەی.
لە بەشێک لە ناوچەکانیش بەرهەمەکانی ئەو ئاژەڵە بۆ چارەسەری پزیشکیش بەکاردەهێندرێت، بۆیە کێڵگەکانی بەخێوکردن و راگرتنی ئەو ئاژەڵە لە ئێران زیادیکردووە.
گرانی نرخی شیری گوێدرێژ بەراورد بە مانگا و ئاژەڵەکانی دیکە، دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بەرهەمی ئەو ئاژەڵە، هاوکات دەچێتە پیشەسازی دیکە وەک جوانکاریی و دروستکردنی سابوون، ئەمە جگە لەوەی گۆشتەکەی دەدرێت بە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانی باخچەی ئاژەڵان.
ئەحمەد رەزا، خاوەنی کێڵگەیەکی بەخێوکردنی گوێدرێژە لە شاری شەهریار لە رۆژئاوای ئێران دەڵێت، نرخی دوو گوێ درێژی بچووک نزیکەی 250 دۆلارە، هەر یەکەیان دوای زاینیان، رۆژانە نیو لیتر شیریان هەیە، بەڵام دواتر رۆژانە ئەو بەرهەمەیان کەم دەبێتەوە. هەروەها شیر و بەرهەمەکانی بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی بەکاردەهێندرێت.
چین گرنگی تایبەت بە بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵە دەدات و سوودی زۆری لێوەردەگرێت، پێستی گوێدرێژ بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنێت، بۆیە ئەو ئاژەڵە لە هەندێک لە وڵاتانی وەک پاکستان، ئەفغانستان، تاجیکستان و وڵاتانی ئەفریقی وەک نایجیریا، کینیا و بۆرکینا فاسۆ، هاوردە دەکات.
هاوکات بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی "شەهید بەهەشتی" لە تاران، پاشەڕۆی گوێدرێژ تایبەتمەندی دژە ئۆکسید، بەکتریا، هەوکردنی تێیدایە. بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی جیوبی کەپو، نەخۆشی گەدە، نەخۆشییەکانی ژنان، برین، سووتاوی، پێست و رۆماتیزم.