ئیسماعیل بەقایی: هیچ دانوستاندنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادا نییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، هیچ پەیامێکی فەرمییان لە ئەمریکاوە پێ نەگەیشتووە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەبارەی پرسی دانوستاندن هەندێک لێدوان لەمبارەوە نادروست بوون و لەکاتی سەردانی مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عومان هیچ پەیامێکی فەرمی ئەمریکایان لەلایەن عومانەوە پێ نەگەیشتووە.
بەقایی دەشڵێت، لایەنە نێوەندگیرەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ نزیکردنەوەی رووانگەی هەردوولا و هەندێک پەیام دەگۆڕدرێنەوە، بەڵام ئەمە واتای دەستپێکردنی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا نییە.
ئەم قسانەی بەقایی لەکاتێکدایە کە پێشتر فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو، هەندێک پەیامیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا پێ گەیشتووە.
بەقایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی تایبەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، "ئێمە لە هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەوانە عێراق، بێگومان لەبارەی ئاسایشی ناوچەکە و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندارن بە ئاسایشی نیشتمانی دوو وڵات گفتوگۆیان لەسەر دەکەین."
بە گوتەی بەقایی، "ئەو جۆرە هەڕەشانە دەستێوەردانە لە کاروباری نێوخۆی عێراق، بەتایبەت ئێستا کە هەڵبژاردنیان لە پێشە و بە ئامانجی دروستکردنی ئاڵۆزی و کاریگەری لەسەر پرسە نێوخۆییەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەکرێت و ئەوجۆرە هەڕەشانە پێچەوانەی یەکپارچەیی نیشتمانییە و رێز نەگرتنە لە سەربەخۆیی عێراق، هەروەها دەرخەری دەستێوەردان و دەستدرێژییەکانی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئیرادەی گەلی عێراق نابێت."
ئەم لێدوانەش لەکاتیكدایە کە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی راگەیاندووە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشێکی سەربازی دەکەنە سەر ناوچەکە و گرووپە چەکدارەکانی عێراق (حەشدی شەعبی) و نابێت هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت، چونکە ئەگەر وانەبێت بە تووندی لەلایەن ئەمریکاوە وەڵامیان دەدرێتەوە.