رووحانی: ئەمریکا باجێکی قورس دەدات
رووداو- هەولێر
سەرۆککۆماری ئێران هەنگاوەکەی ئەمریکای بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی بە هەڵەیەکی گەورە ناودەبات و دەڵێت، ئەگەر لەبەرامبەر هەنگاوەکانی دەستدرێژیکارەوە بێدەنگ بین، زیانی زیاتر دەگەیێنێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە جەختکردنەوە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ پرسێکدا دەستپێکەری ئاژاوە و گرژی نەبووە و گوتی: "ئەگەر هەموومان لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا یەکدەنگ نەبین مەترسییەکی گەورە هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات".
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم بن ئال سانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند: "شەهیدبوونی حاج قاسم سولەیمانی، خەڵکی ئێمەی بەهێزتر و پێداگرتر لە هەمووکات کردووە و بەرپرسیاریەتی هەموو لێکەوتەکانی ئەو هەنگاوە تیرۆریستییە لە ئەستۆی ئەمریکایە و باجێکی قورس دەبێت بدات.