پۆلیسی تاران: 40 کەس دەستگیر کران کە هەواڵ و زانیاریی ناڕاستیان بڵاودەکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی تاران دەڵێت، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و تووندوتیژی، 40 کەس لە تاران دەستگیر کراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2025، ناوەندی راگەیاندنی پولیسی تاران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 40 کەسیان دەستگیر کردووە کە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا هەواڵ و زانیاریی ناڕاستیان لەبارەی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە بڵاودەکردەوە و خەڵکیان بۆ خۆپێشاندان و تووندوتیژی هان دەدا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای چاودێریکردنی بەردەوامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە، بۆیان روون بووەتەوە کە ئەو کەسانە بە سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد و بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکانی ساڵانی رابردوو، بە ئامانجی بەلارێدابردنی بیروڕای گشتی، هەواڵ و زانیاریی ناڕاستیان لەبارەی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە."
 
ناوەندی راگەیاندنی پولیسی تاران دەڵێت، ئەو کەسانە دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەستیان بەسەرداگیراوە و ئەو هەواڵ و ڤیدیۆیانەی لەو هەژمارانە بڵاوکراونەتەوە، لە لایەن پۆلیسەوە سڕدراونەتەوە.
 
پۆلیسی تاران ئەوەش دەخاتەڕوو، کە لە چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبن. هەڕەشەی ئەوەش دەکات، لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ساختە یان هەر کردەوەیەکی رێکخراو کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگە بێت، کاردانەوەی توندیان دەبێت و ئەو کەسانەی ئەو کارە بکەن رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە  گردبوونەوە و ناڕەزاییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتەوە رۆژی هەشتەمەوە.
 
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کە لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
 
تاوەکو ئێستا لە 25 پارێزگا و 60 شار خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچووە.
 
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 19 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، بەڵام میدیای فەرمیی حکومەت باس لە کوژرانی 10 کەس دەکەن.