هیومان رایتس وۆچ: لەسێدارەدان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک لە هەشتاکانەوە وێنەی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتی جیهانیی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە. بەشێک لە راپۆرتەکەی تایبەت کردووە بە دۆخی ئێران لە ساڵی 2025دا و دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2025دا لەسێدارەدانیان گەیاندووەتە ئاستێک کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لەو وڵاتە هاوشێوەی نەبووە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندانەکان کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی رابردوو دەستیپێکرد، لە سەرەتای ساڵی 2026دا بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە؛ هێزە ئەمنییەکان دەستیان داوەتە کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپێشاندەران و رێبواران، بەوەش ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزاران کەس."
بەپێی راپۆرتەکە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، هیومان رایتس وۆچ بەڵگەی دەستکەوتووە کە نیشانی دەدەن لە 8ی کانوونی دووەمەوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە شێوەیەکی رێکخراو هێزی نایاسایی و کوشندەیان بەکارهێناوە، لەوانەش "تەقەکردن لە سەر و سنگ". دەسەڵاتدارانی ئێران هاوکات لەگەڵ "ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، هێڵی ئینتەرنێتیان بڕیوە، بۆئەوەی دیوە راستەقینەکانی ئەو تاوانانە بشارنەوە."
'لەسێدارەدانی زیاتر لە 2000 کەس'
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ساڵی 2025 بە پێشێلکاریی بەرفراوان و سیستماتیکی مافی ژیان ناسراوە. تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەم، دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر لە 2000 کەسیان لەسێدارە داوە، ئەمەش زۆرترین لەسێدارەدانە لەدوای کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو."
بەهار سەبا، توێژەری باڵای کاروباری ئێران لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "ساڵی 2025 شەپۆلێکی لەسێدارەدان بەڕێوەچووە کە وڵاتەکە لە چەندین دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمە جگە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان بە خوێناویترین شێوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە رێکاری کردەیی بگرێتەبەر بۆ سزادانی بەرپرسان لە رێگەی هەموو ئامرازە بەردەستەکانەوە، لەوانەش دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی."
شکاندنی دیکتاتۆری، ئاڵنگاریی ئەم سەردەمەیە
لە راپۆرتی جیهانیی 2026دا کە لە 529 لاپەڕە پێکهاتووە، رێکخراوەکە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە زیاتر لە 100 وڵاتدا دەخاتە روو.
فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە دەڵێت، شکاندنی دیکتاتۆری کە جیهانی گرتووەتەوە، ئاڵنگاریی ئەم سەردەمەیە. ئەو داوا لە دیموکراسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات هاوپەیمانییەکی ستراتیژی بۆ بەرگریکردن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان پێکبهێنن، بەتایبەت لە سایەی هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ و هێزە جیهانییەکانی دیکە.
پێشێلکارییە جۆراوجۆرەکان
راپۆرتەکە ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکی دەکات:
- ماددە هۆشبەرەکان و کەمینەکان: زیاتر لە نیوەی لەسێدارەدانەکان بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر بووە، کە ئەمەش پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. هەروەها ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان، بەتایبەت سوننەکان، زیاتر کراونەتە ئامانج.
- سەرکوتکردن: سەدان کەسی ئۆپۆزیسیۆن، پارێزەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی خاوەن دوو رەگەزنامە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەرن.
- باڵاپۆشیی زۆرەملێ: دەسەڵاتداران بەردەوامن لە جێبەجێکردنی یاساکانی باڵاپۆشیی زۆرەملێ کە بە "سوکایەتیکردن و جیاکاری" وەسف کراوە.
- ئەشکەنجە: ئەشکەنجەدان و بێبەشکردنی زیندانییان لە چارەسەری پزیشکی بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە. سزاکانی وەک جەڵدە لێدان و بڕینەوەی ئەندامانی جەستە هێشتا پەیڕەو دەکرێن.
- ئایینەکان: سەرکوتکردنی کەمینە ئایینییەکان بەردەوامە، لەوانە چەوساندنەوەی بەهاییەکان کە وەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" هەژمار کراوە.
ئیسرائیل و تاوانی جەنگ لە تاران
هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل لە 23ـی حوزەیراندا بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشیان کردووەتە سەر گرتووخانەی "ئێڤین" لە تاران، بێ ئەوەی ئامانجێکی سەربازیی روون هەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان مەدەنی و وەک "تاوانی جەنگ" دادەنرێت.
دوای هێرشەکە، "زیندانییە سیاسییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رووبەڕووی بێسەروشوێنکردن و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە."
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوەکە لێکۆڵینەوەی لە پێنج هێرشی مووشەکیی بالیستیی ئێران کردووە کە ناوچە ئاوەدانەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی کوژرانی 20 کەسی سڤیل. رێکخراوەکە دەڵێت: ئەگەری زۆرە ئەم هێرشانەش "تاوانی جەنگ" بن.