سەربازێکی ئێران لە بنکەیەکی پۆلیسدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەدی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەی پۆلیس لە شاری گەچساران سەربازێک کوژرا.
سەهام ساڵحی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە رایگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و چەکدارێک هێرشی کردووەتە سەر بنکەکە.
سەهام ساڵحی گوتی: "لە هێرشە چەکداریەکەدا سەربازێک بە ناوی پەیمان عەباسی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی کوژراوە."
سەهام ساڵحی ئاماژەی بەوەشکرد، "پۆلیس دوای رووداوەکە دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە."
بە گوتەی سەهام ساڵحی، ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە، دوای کوژرانی سەربازەکە رایکردووە و هێزەکانی پۆلیس بە دوایدا دەگەڕێن.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەشڵێت: "ئاسایشی گشتی هێڵی سووری پۆلیسە و ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانە ئیرادەی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ دەستەبەرکردنی نەزم و ئاسایشی گشتی لاواز ناکەن."