لە سێ ساڵدا 1340 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە 'خواردنی قارچک' ژەهراوی بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 1340 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون، کە زۆربەشیان خەڵکی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
 
محەممەد دلێرڕاد، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری خۆراک و دەرمان، رۆژی 03-03-2024 گوتی، "797 کەس لە ساڵی 2021 و 301 کەس لە ساڵی 2022دا و لە وەرزەکانی بەهار و هاوینی ساڵی 2023شدا 242 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەهۆی قارچکەوە ژەهراوی بوون."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ، بەشی زۆری ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون، خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ، لوڕستان، سنە، گوڵستان، هەمەدان و قەزوێن بوون.
 
محەممەد دلێرڕاد گوتیشی، "خواردنی جۆرە جیاوازەکانی قارچکە خۆڕسک و ژەهراوییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵک، لەکارکەوتنی جگەر و زۆر کەسیش لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون."
 
ئەو بەرپرسەی زانکۆی پزیشکیی ورمێ داوای لە خەڵک کردووە، ئەگەر 5 تاوەکو 12 کاژێر لەدوای خواردنی قارچکەوە تووشی حاڵەتەکانی وەکو رشانەوە و سکچوون بوون، بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
 
بە گوتەی محەممەد دلێرڕاد، تەنیا لەڕووی شێوە، رەنگ، بۆن، تام و ماوەی مانەوەی کاریگەرییەکەی دەتوانرێت ژەهراویبوون یان نەبوونی دەستنیشان بکرێت، بەڵام ئەوەش تەنیا شارەزایان دەتوانن دەستنیشانی بکەن.