راوێژکارێکی خامنەیی: لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن ناکەین و دەتوانین درێژە بە شەڕ بدەین


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد موخبیر، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن ناکەن و توانای ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕ بکەن.
 
رپژی  چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026، محەممەد موخبیر، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئێستا هیچ نیازێکیان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نییە.
 
محەممەد موخبیر گوتی: "بە هیچ شێوەیەک متمانەمان بە ئەمریکا نییە و بەنیازیش نین لەگەڵی دانوستاندن بکەین."
 
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، محەممەد موخبیر گوتی، توانایان هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕ بکەن و بۆ ئەوەش ئەزموونی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بەنموونە دەهێنێتەوە.
 
راوێژکارەکەی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها رایگەیاند: "ئێمە دەتوانین درێژە بە شەڕەکە بدەین، جارێک بۆ هەشت ساڵ کردمان. ئێستاش رابردوومان، مێژوومان و شارستانییەیی چەند هەزار ساڵەمان پێشان دەدات کە ئێمە لە شەڕ ناترسین، لە بەردەوامیی شەڕیش ناترسین، بەڵام ئەوان وا نین، بۆیە ئاساییە کە هەوڵ بدەن بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن."