عەلی لاریجانی: زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، تائێستا زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی کوژراون؛ هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکاش دەکات کە بەهۆی کوشتنی رێبەری ئێران، ''باجێکی قورس'' دەدات.
رۆژی چوارشەممە، 04-03-2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''بەڕێز ترەمپ بەهۆی گاڵتەجاڕییەکانی نەتانیاهووەوە، گەلی ئەمریکای خستە نێو جەنگێکی ناپیاوانە لەگەڵ ئێران.''
عەلی لاریجانی ئاماژەی بە دروشمی ''یەکەم ئەمریکا''ـی دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: ''ئێستا با لێکدانەوەی خۆی بکات، ئایا بە کوژرانی زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی لە ماوەی چەند رۆژدا هێشتا ئەمریکا یەکەمە یان ئیسرائیل''.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەخت لە بەردەوامیی ''سەرکێشییەکە'' دەکاتەوە و دەڵێت، ''شەهیدبوونی ئیمام خامنەیی، باجێکی قورسی بۆتان دەبێت، ئینشائەڵڵا.''
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران کوژراون.
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.