سەرۆککۆماری ئێران: رێز لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، توانای مووشەکی و درۆنییان تەنیا بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە. سەرۆککۆماری ئێرانیش رایگەیاند، "رێز لە سەروەریی دوراوسێکانمان دەگرین".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-03-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە، ''بە وڵاتانی دۆست، برا و دراوسێیانمان رادەگەیێنین، توانای مووشەکی و درۆنیی ئێمە تەنیا بۆ بەرگریکردنی رەوایە لە بەرامبەر دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل.''
 
قالیباف داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران کرد و گوتی: ''هیوادارین بە نەهێشتنی ئەم ئاژاوەیە (فیتنە) لەنێوان براکاندا، بگەڕێینەوە بۆ رۆژانی هاوئاهەنگی و هاوکاری.''
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش لەوبارەوە پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی وڵاتانی ناوچەکە کردووە تێیدا هاتووە: ''هەوڵمان دا بە یارمەتیی ئێوە و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە خۆمان لە جەنگ ببوێرین، بەڵام هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ رێگەیەکی دیکەی جگە لە بەرگریکردن لە خۆمان بۆ نەهێشتینەوە.''
 
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی ئەوەشی خستووەتەڕوو: ''ئێمە رێز لە سەروەریی ئێوە دەگرین و هێشتاش پێمان وایە ئارامیی ناوچەکە دەبێێ لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێ.''
 
پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەکاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە وەڵامی هێرشی فراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج و ئەوەش ناڕەزایی قەتەر، سعودیە، بەحرێن و ئیماراتی لێکەوتووەتەوە.