لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵات دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێویستە لە ''نێوخۆ و لەسەر سنوورەکان'' وەک سەربازانی ئەمریکی و ئیسرائیلی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-03-2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەیەکی ئاراستەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایگەیاند: ''نابێت هیچ جۆرە نەرمییەکیان بەرامبەر بنوێنین، چ لە نێوخۆ و چ لە سەر سنوورەکان.''
 
ئیبراهیم رەزایی دەڵێت، پێویستە وەک سەربازانی ئەمریکی و ئیسرائیلی مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ.
 
قسەکانی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدان کە 22ـی شوبات، پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتین لە پارتی ژیانی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەبات، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاوپەیمانییەکیان راگەیاند. 
 
هاوپەیمانییەکە شەش رۆژ بەر لە دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوان و هاوبەشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو بۆ سەر ئێران کە 2ـی ئادار رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە پشتگیریی ئەو ''گرووپانە''ـی نێو ئێران بکات کە دەیانەوێ چەک هەڵگرن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا، لەوانەش کورد.