سوپای پاسداران: لە ئۆقیانووسی هیند کەشتییەکی ئەمریکامان کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکیدا، "ئامانجێکی ستراتیژیی" ئەمریکایان لە قووڵایی ئۆقیانووسی هیند پێکاوە و دەشڵێت، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکییان لەکاتی وەرگرتنی سووتەمەنی کردووەتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی کە لە وێستگەیەکی سووتەمەنییەوە خەریکی وەرگرتنی سووتەمەنی بوو، لە دووریی 650 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران لە ئۆقیانووسی هیند، بە مووشەکەکانی (قادر 380) و (تەڵائیە)ـی هێزی دەریایی سوپا کرایە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانمان، لە دوای ئۆپەراسیۆنەکە ئاگرێکی گەورە لە هەردوو کەشتییەکە کەوتووەتەوە و دووکەڵ ئاسمانی ئۆقیانووسەکەی داپۆشیوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەم هێرشە دەچێتە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" و تاوەکو ئێستاش 16 شەپۆلی هێرشبردن لەو ئۆپەراسیۆنە جێبەجێ کراون.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـ، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرفراوانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە.
لە وەڵامی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆتەقێن، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل.