سوپای پاسداران: شەپۆلێکی نوێی هێرشمان دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەستپێکردووە.
کاژێر 08:50 خولەکی شەوی چوارشەممە 04-03-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلی 18ـەمی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (بەڵینی راست 4) رایگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە بە دروشمی ''یا حسن ابن علی علیەالسلام'' بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ژمارەیەک ئامانج لەنێو خاکی ئیسرائیلە، بەڵام بە وردی ئامانجەکان دیاری نەکراون.
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.