تاران و 174 شاری ئێران لە ژێر هێرشدان و 1046 کوژراوی شەڕەکە نێژراون

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 و لە پێنجەم رۆژی دەستپێکردنی شەڕدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامبوون لە بۆردوومانکردنی بارەگا سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا. زیاترین هێرشەکانیش لەسەر تاران و دەوروبەری بوون.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری بریندارانی شەڕەکەی بڵاوکردەوە، دەزگای شەهید و کەمئەندامانی ئێران دەڵێ، تائێستا 1046 لە کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئێران بە خاک سپێردراون.
 
لە نزیکەی کاژێر هەشتی ئەم شەو چوارشەممە، شەپۆلێکی دیکەی بۆردوومانکردنی بنکە و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکردووە. 
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی چوارشەممە تاوەکو ئێستا لە خوڕەمئاوا، مەریوان، بۆکان و سەقز ‌‌هێرشکراوەتە سەر بنکە ئەمنی و سەربازییەکان.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، شەوی چوارشەممە چەندین ئامانج لە تاران، بەندەر عەباس، تەورێز و یەزد بۆردوومان کراون. 
 
لە کاژێر هەشتی شەوەوە (08:30 بە کاتی هەولێر)، جارێکی دیکە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پایتەختی ئێران چالاک بووە و فڕۆکە بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕێتەوە. 
 
میدیاکانی ئێران دەڵێن، چەند شوێن لە باکوور و باشووری رۆژئاوای تاران بۆردوومانکراون و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شوێنە بۆردوومانکراوەکانەوە بیستراوە.
 
رۆژی چوارشەممەش لە تاران، چەندین ئامانج لە (شارۆچکەی بروجێردی)، گەڕەکی (ئەفسەرییە) و بەرزاییەکانی رۆژهەڵاتی تاران بۆردوومانکراون. 
 
لە دەوروبەری گەڕەکی تارانپارسیش لە رۆژهەڵاتی تاران، یەکەیەکی پیشەسازی کراوەتە ئامانج. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە ئەوە کارگەیەکی دروستکردنی مووشەک بووە.
 
هەروەها بڵاوکراوەتەوە، بنکەیەکی گەورەی پۆلیس لە (شەقامی کارگەر) لە نزیک (گۆڕەپانی ئینقلاب) بۆردوومانکرا و دەگوترێت بە تەواوی خاپووربووە، بەڵام بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، چەند ئامانجێکی سەربازی لە (فڕۆکەخانەی مێهرئاباد) و کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین لە رۆژهەڵاتی تاران بۆردوومانکردووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، شوێنی ناوەندەکانی فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس و بەسیجن.
 
جگە لە تاران، رۆژی چوارشەممە لانیکەم دوو ئامانج لەنێو شاری شیراز، سەربازگەیەکی سوپای پاسداران لە تویسرکانی پارێزگای هەمەدان و کۆمپانیایەکی دروستکردنی هێلیکۆپتەر لە شارۆچکەی پیشەسازیی (کەمالشەهر)ـی کەرەجیش بۆردوومانکراون. لە شاری گەرمدەرەی نێوان تاران و کەرەجیش چەند تەقینەوەی بەهێز روویانداوە. لە شاری بێهبەهان لە پارێزگای خوزستانیش، سەربازگەی سەرەکیی سوپای پاسداران لە شارەکە بۆردوومانکرا.
 
هەروەها لە شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلوچستان، پێشنیوەڕۆی چوارشەممە کۆگەیەکی گەورەی تەقەمەنیی سوپای پاسداران لە پشت ناوچەی ئازادی شارەکە بۆردوومانکرا.
 
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی رێکخراوی مانگی سووری ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل بە مووشەک، درۆن و فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر 174 شاری ئێران . 
 
ژمارەی تەواوی قوربانیانی شەڕ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رانەگەیێندراوە. دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و 45 کەس. ئەو ئامارە تەنیا ژمارەی ئەو کوژراوانەیە کە بە خاک سپێردراون. پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراو و برینداران زۆر لەو ژمارەیە زیاتربێت، بەتایبەت کوژراوانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان.
 
حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران شەوی چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا 6 هەزار و 186 کەس برینداربوون و 926 کەس لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارەکە، بەتەمەنترین قوربانیی ئەو شەڕە کە پیاوێکی 91 ساڵان بووە، خەڵکی شاری کامێرانی پارێزگای سنە بووە.