ئیسرائیل 300 سەکۆی هاوێشتنی مووشەکەکانی لەنێوبردوون و ئێران دەڵێ 170 خوێندکار و مامۆستا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە رۆژانی یەکەم و دووەم و سێیەم، دوێنێ سێشەممە 03-03-2026 کە چوارەم رۆژی شەڕ بوو، هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کەمتر بوون و سەرنجی زیاتریان لەسەر تاران بوو. ئیسرائیل رایگەیاند تائێستا 1200 هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و 2000 شوێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و 300 سەکۆی هاوێشتنی مووشەکەکانیان لەنێو ئێران دا لەنێوبردوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل دوو رۆژە بە دوای کردنە ئامانجی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانن کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی رێبەری داهاتووی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبچێت، تائێستا لەبەر مەترسییەکانی لێدانی کۆبوونەوەکان بەپێی ئاژانسی فارس نیوز دوو کۆبوونەوە بە ئۆنلاین کراون و، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک بکرێت .
دوای نیوەڕۆی سێشەممە لە شاری قوم، نووسینگەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لەو شارە کرایە ئامانج. سەرەتا بڵاوکرایەوە، ئەو نووسینگەیە لەکاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی رێبەر کراوەتە ئامانج، بەڵام میدیا و بەرپرسانی ئێران رەتیانکردەوە.
هەروەها درەنگانی شەوی دووشەممە، باڵەخانەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە تاران کرایە ئامانج. ئەو ئەنجوومەنە لە باڵەخانەی پێشووی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەکانی بەڕێوە دەبات و کاروباری ئیداریی ئەنجوومەنەکەش هەر لەوێ رادەپەڕێندرێت.
تاوەکو ئێستا دیار نییە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کەی هەڵدەبژێردرێت. ئاژانسی فارس، نزیک لە سوپای پاسداران، شەوی سێشەممە بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی شارەزایان سەرقاڵی هەڵبژاردنی رێبەری نوێیە، بەڵام کۆبوونەوەکانی بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەناچن. ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، بەزوویی جێگرەوەی عەلی خامنەیی هەڵدەبژێردرێت.
رۆژی سێشەممە بەراورد بە رۆژانی پێشوو، هێرشەکان کەمتربوون، بەڵام لە پارێزگاکانی تاران، قوم، ئیسفەهان، هورموزگان، ئەردەبیل، سیستان و بەلوچستان ژمارەیەک بنکە و بارەگای سەربازی کراونەتە ئامانج.
لە چوارەم رۆژی شەڕدا، ئەمریکا و ئیسرائیل لە تارانی پایتەخت، کۆمەڵێک شوێنیان کردە ئامانج. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، شەوی سێشەممە، ئامانجێک لە شارۆچکەی پیشەسازیی گەڕەکی حەکیمییە لە رۆژهەڵاتی تاران بۆردوومان کرا.
ئێوارەی سێشەممە، چەندین ئامانج لە گەڕەکی (فەکوری)ـی تاران بۆردوومان کران. لە هێرشەکاندا ژمارەیەک باڵەخانە کراونەتە ئامانج کە لانیکەم یەکێکیان ئەمنی و سەربازییە.
جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی (مێهرئاباد) و بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش لە تاران بۆردوومان کرانەوە. هەروەها لە دەوروبەری گۆڕەپانی ئازادیی شارەکەش، چەند شوێن بۆردوومان کران.
دوانیوەڕۆی دوێنێ، لە گەڕەکەکانی (ئەقدەسییە و جەماران)، دەوروبەری گۆڕەپانی (ئینقلاب)، شەقامی (مەدەنی)ـیش لە چەند ئامانجێک درا.
لەسەر رێگەی سەرەکیی تاران- کەرەج، کۆگەیەکی گەورەی چەک و تەقەمەنیی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، دوای بۆردوومانەکە، ئاگرێکی گەورە لەو شوێنە کەوتووەتەوە.
یەکێکی دیکە لە بنکە ئەمنی و سەربازییەکان کە دوێنێ لە تاران کرایە ئامانج، باڵەخانەی رێکخراوی هەواڵگریی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران بوو. بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، باڵەخانەکە بە تەواوی داڕماوە.
لە دوورگەی کیش، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بنکەی سیستمی راداریی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە تەواوی لەنێوبراوە. هەروەها دەوروبەری فڕۆکەخانەی کیش جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە.
شەوی سێشەممە لە ژمارەیەک میدیا بڵاوکرایەوە، هێرشی زەوینی کراوەتە سەر بەندەری چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، بەڵام قایمقامی شارەکە رەتیکردەوە و رایگەیاند، کۆنترۆڵی شارەکە لە دەست خۆیاندایە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە، یاریگە، خواردنگە و هۆڵی رێوڕەسمەکان و بە هۆیەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 کەس کوژراون، کە 170 کەس لەوانە خوێندکار و مامۆستان.
راگەیاندنەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، فەرماندە و پلەدارە ئەمنی و سەربازییەکان بنکە سەربازییەکانیان چۆڵکردووە و لە نەخۆشخانە، قوتابخانە و هۆڵی رێوڕەسمەکاندا نیشتەجێبوونە.
ئەرتەش (سوپای)ـی ئێران دوای نیوەڕۆی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ سوپای پاسداران لە سەرەتای شەڕەوە 35 درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکا و ئیسرائیلیان خستوونەتە خوارەوە.