رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی بەڕێوەدەچێت و 3 رۆژ بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران دەڵێت، لە ئەمشەوەوە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026، موحسین مەحموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ماڵئاواییکردنی خەڵک لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 
موحسین مەحموودی گوتی، رێوڕەسمەکە لە شاری تاران و لە موسەڵای ئیمام خومەینی بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایەنێت.
 
بە گوتەی مەحموودی، رێوڕەسمەکە لە ئەمشەو کاژێر 10ی شەوەوە دەستپێدەکات و خەڵک دەتوانن بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، سەردانی موسەڵای ئیمام خومەینی بکەن.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 01-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هێرشەکانی رۆژی 28ی شوباتی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا پشتڕاستکردەوە و دواتریش حکومەتی ئێران 40 رۆژ پرسەی راگەیاند و 7 رۆژیشی کردە پشوو.
 
عەلی خامنەیی لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایکبوو، لە 09-10-1981 تاوەکو 16-08-1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو، لە ساڵی 1987 بووە یەکەم سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە ساڵی 1989 جێگەی روحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە دوای کوژرانی خامنەییەوە، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی بەناوی "ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری" پێکهێنراوە، کە تاوەکو هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ، ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنێت. ئەنجوومەنەکە پێکدێت لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد؛ عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران.