ئێران: بە هەڕەشە و نمایشی هۆلیوودی پاشەکشە لە هەڵوێستمان ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە دەڵێت، "ئێمە نە بە هەڕەشە و نە بە ژاوەژاو و نمایشی هۆلیوودی پاشەکشە ناکەین".
ئەمڕۆ شەممە، 4ی نیسانی 2026، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە.
ئەحمەدیان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئێمە نە بە هەڕەشە و نە بە ژاوەژاو و نمایشی هۆلیوودی پاشەکشە ناکەین. ئەم ناوچەیە گۆڕەپانی یاریی ئێمەیە و وەڵامدانەوەکان بەپێی لێکدوانەوەی لۆژیکی و راستییە، نەک نمایشی هۆلیوودی."
نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە دەشڵێت، "شۆڕشی ئیسلامی لە هەنگاوی یەکەمدا ئەمریکای لە ئێران کردە دەرەوە و هەنگاوی دووەم دەرکردنی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە دەبێت."
ئەو پەیامەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد، کە ئەگەر بە مەرجەکانی واشنتن رازی نەبێت و خۆی بەدەستەوە نەدات، ئەوا ژێرخانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لەوانەش ژێرخانی کارەبا دەکاتە ئامانج.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێ دەنێتە هەفتەی شەشەمەوە و تاوەکو دێت جەنگەکە فراوانتر دەبێت.