سوپای پاسداران: هۆزەکان دوو هێلیکۆپتەری بلاک هۆکی ئەمریکییان پێکا

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە 55ی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە (بەڵێنی راستگۆ)دا ستایشی "ئازایەتیی" هۆزەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێ، توانییان گورزی کاریگەر لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بوەشێنن.
 
پێکانی هێلیکۆپتەرەکان لە ناوچە شاخاوییەکان
 
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، لە 35ەمین رۆژی جەنگدا، هۆزەکانی پارێزگای (کۆهگیلوویە و بوێر ئەحمەد) و (چوارمەحاڵ و بەختیاری) بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا، دوو هێلیکۆپتەری سوپای ئەمریکایان لە جۆری (بلاک هۆک) پێکاوە.
 
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات، ئەو دوو هێلیکۆپتەرە بە مەبەستی رزگارکردنی تیمی ئەو فڕۆکە جەنگییەی جۆری ئێف سی و پێنج ئێف چووبوونە ئاسمانی ئێران، کە پێشتر لەو ناوچە کوێستانییانەدا خرابووە خوارەوە و هێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئێرانی لێ نەبووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا سوپاسی هۆزەکان کراوە و وەک "سنوورپارێزانی ئازا" ناویان براوە. سوپای پاسداران دەڵێت، "دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنی بڕوایان نەدەکرد ڕووبەڕووی بەربەستێکی هێندە پتەوی گەلی ئێران ببنەوە. ئێستا یەکگرتوویی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، دووژمنانی تووشی سەرلێشێوان کردووە."
 
دوێنێ هەینی میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکای لە ئاسمانی نێوەڕاستی وڵاتەکەی خستوەتە خوارەوە. 
 
دواتر، سوپای ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی دوو کەس لە ستافی فڕۆکەکە بە هێلیکۆپتەر چووە ئاسمانی ئێران و یەکێکیان دۆزییەوە، بەڵام چارەنووسی ئەوی دیکەیان دیار نییە. 
 
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوت، هێلیکۆپتەرەکەیان تەقەیان لێکراوە بەڵام بە سەلامەتی لە خاکی ئەو وڵاتە دەرچوون.