تەندروستیی ئێران: لەم جەنگەدا 4700 ژن و 1970 منداڵ بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری کوژراو و بریندارانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 700 ژن بریندار بوون.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و فێرکاریی پزیشکیی ئێران کە رۆژی شەممە 4ـی نیسان بڵاویکردووەتەوە و تەنیا سەرنجی لەسەر قوربانییانی سڤیل و کارمەندانی تەندروستییە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چوار هەزار و 702 ژن بریندار بوون. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەزار و 902 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 68 منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ لەنێو بریندارەکاندا هەن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە زۆربەی قوربانییەکان لە پارێزگاکانی تاران و هورمزگان بوون. سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی بریندارەکانیش، وەزارەتەکە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 31 هەزار و 324 کەس چارەسەر کراون و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، 444 نەخۆش هێشتا لە چاودێری پزیشکیدان و هەزار و 175 نەشتەرگەریی جۆراوجۆریش بۆ بریندارەکان کراوە."
 
کارمەندانی تەندروستی و تیمەکانی فریاکەوتنیش لەو شەڕەدا زیانیان بەرکەوتووە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 24 کارمەندی تیمەکانی تەندروستی کوژراون و 116 کارمەندی دیکەش برینداربوون.
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا وردەکاریی کوژراوانی سڤیل خراوەتەڕوو، کە تێیدا هاتووە 251 ژن، 216 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 17 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ کوژراون.