تۆڕی تەلەڤیزیۆنەکانی ئێران کێشەی تێکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران (سەدا و سیما) رایگەیاند، کێشە کەوتووەتە پەخشی کاناڵەکانی.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، سەدا و سیما هۆکاری کێشەکەی بۆ "کارە تێکدەرانەکانی دووژمن" گەڕاندەوە و لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "تاوەکو ئەوکاتەی راگەیێندراوێکی نوێ بڵاودەکرێتەوە، لە ئەگەری هەر کێشەیەک لە وەرگرتنی کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی، هاوکات لە گەڕانی دووبارە لە کاناڵەکان، ئالێرەکانیشیان بسووڕێنن."
 
سەدا و سیما رێکخراوێکی حکومییە و سەرپەرشتیی تۆڕی تەلەڤیزیۆنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات کە لە 18 کەناڵی نێوخۆیی، 6 کاناڵی نێودەوڵەتی و 34 کەناڵی لۆکاڵی پێکهاتووە.
 
سەدا و سیمای ئێران زانیاریی زیاتری لەسەر کێشەی پەخش و شوێنە بەئامانجگیراوەکان نەخستووەتەڕوو.