رووسیا 198 کارمەندی لە وێستگەی بووشەهر گواستەوە و هۆشداریی "کارەساتی ئەتۆمی" دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی رووسیا دەستی کرد بە گواستنەوەی 198 کارمەندی خۆی لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە باشووری ئێران. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، دەوروبەری وێستگەکە جارێکی دیکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا و مۆسکۆش بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
ئەلێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئەتۆمیی رووسیا (رۆسئەتۆم) رایگەیاند، گەورەترین شەپۆلی گواستنەوەی فەرمانبەرانیان لە ئێران دەست پێکردووە. لیخاچۆڤ گوتی، "تەنیا 20 خولەک دوای بۆردوومانە نوێیەکەی ئەمڕۆ، 198 کارمەندمان بەرەو سنوورەکانی ئەرمینیا بەڕێکردووە." ئەمە بە گەورەترین کشانەوەی شارەزایانی رووسیا دادەنرێت لە دەستپێکی جەنگەکەوە.
 
بەپێی میدیای ئێران، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دەورووبەری وێستگەی بووشەهر، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پاراستنی وێستگەکە کوژراوە. وێستگەی بووشەهر، کە رووسیا لە بنیادنانی بەشدار بووە و شارەزاکانی لە بەڕێوەبردنیدا هاوکارن، دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی کەنداو.
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی ئەم کارە شەڕانگێزانەیە دەکەین کە بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک. دەبێت دەستبەجێ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە تایبەتی بووشەهر، رابگیرێت."
 
ئەمە چوارەمین جارە لە دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوباتەوە، وێستگەی بووشەهر یان دەوروبەری بکرێتە ئامانج. لیخاچۆڤ هۆشداریی دا و گوتی، "بەداخەوە، ئەگەری روودانی کارەساتی ئەتۆمی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، وەک ئەوەی لە رووداوەکەی ئەمڕۆ بەیانیدا بینیمان."
 
پێشتریش رووسیا چەندین کارمەندی خۆی لە وێستگەکە کشاندبووەوە، لەوانەش 163 کارمەند لە رۆژی 25ی ئاداردا. هەرچەندە زۆربەی کارمەندەکان دەڕۆن، بەڵام بەڕێوەبەری رۆسئەتۆم گوتی، چەند کەسێکی دیکە لە ناو وێستگەکە دەمێننەوە بۆ ئەوەی کارە سەرەکییەکان رانەگیرێن.