گەڕان بەدوای ئەو فڕۆکەوانە ئەمریکییە بەردەوامە کە لە ئێران ون بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە چوار هەفتەی تێپەڕاندووە، گەیشتووەتە قۆناخێکی پڕ لە مەترسی. لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان گەیشتوونەتە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکان، تاران و واشنتن لە کێبڕکێدان بۆ دۆزینەوەی ئەو فڕۆکەوانە ئەمریکییەی کە فڕۆکەکەی لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە.
 
سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە ناوچەیەکی نزیک لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهریان لە باشووری ئێران بۆردوومان کرد، کە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی وێستگەکە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی تووندی دایە وڵاتانی دراوسێ و گوتی، "بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر بووشەهر دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی کە ژیان لە پایتەختەکانی وڵاتانی کەنداو کۆتایی پێ دەهێنێت، نەک لە تاران."
 
بەهۆی نزیکیی وێستگەکە لە کوێت، بەحرێن و قەتەر؛ رووسیا بڕیاری دا 198 کارمەندی خۆی لە وێستگەکە بکشێنێتەوە. رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و گوتی، ئەمە چوارەمین رووداوی لەو شێوەیە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
 
هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە کێبڕکێیەکی توونددان بۆ دۆزینەوەی ئەندامێکی تیمی فڕۆکەی جەنگیی ئێف15ی ئەمریکی، کە لە ناو خاکی ئێران دا خراوەتە خوارەوە. تاران دەڵێ، فڕۆکەکەیان پێکاوە؛ ئەمریکاش دەڵێ یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیان رزگار کردووە و ئەوی دیکەیان بێسەروشوێنە. هەروەها تاران بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هێرشبەری جۆری ئەی10 لە ئاوی کەنداودا کردووە.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکدا گاڵتەی بە ئیدارەی ترەمپ کرد و نووسی، "دوای ئەوەی دەیانگوت رژێم دەگۆڕن، ئێستا جەنگەکەیان دابەزیوە بۆ ئاستی: تکایە کەس دەتوانێت فڕۆکەوانەکانمان دەدۆزێتەوە؟ ئەمە پێشکەوتنێکی بڕواپێنەکراوە، بە راستی بلیمەتن."
 
هێرشەکان تەنیا بنکە سەربازییەکانی نەگرتووەتەوە:
 
ئێران: هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کارگەی پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ و دەروازەیەکی بازرگانی لە سەر سنووری عێراق و ئێران بووە هۆی کوژرانی کەسێک.
 
ئیمارات: پاشماوەی درۆنەکان بەر دوو باڵەخانە لە دوبەی کەوتوون، کە یەکێکیان نووسینگەی کۆمپانیای تەکنەلۆژیی ئۆراکڵی ئەمریکییە.
 
بەحرێن: سوپای پاسداران رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانیی (MSC Ishyka)یان پێکاوە کە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبووە. هەروەها 4 کەس لەو وڵاتە بەهۆی پاشماوەی درۆنەکانەوە بریندار بوون.
 
لە بەرەی لوبنان سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئامانجیان لە ناو خاکی لوبناندا پێکاوە. بەرەبەیانی ئەمرۆ دوو تەقینەوەی گەورە بەیرووتی هەژاند و ئیسرائیل چەند پردێکی ستراتیژیی لە دەشتی بیقاع وێران کرد.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ هەزار و 368 کەس کوژراون. لە شاری سوور هێرشەکان زیانیان بە نەخۆشخانەیەک گەیاندووە و ئیسرائیل هۆشداریی داوە بە دانیشتووانەکەی، شارەکە چۆڵ بکەن، لە کاتێکدا هێشتا 20 هەزار کەس لە ناو شارەکەدا ماونەتەوە.