فریاکەوتنی خێرای ئێران: 477 ژن و منداڵ لە ئەنجامی بۆردوومانەکان کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ئێران دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەوە 261 ژن کوژراون و زیاتر لە چوار هەزاری دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لەو ماوەیەدا 216 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ کوژراون و زیاتر لە هەزار و 900 کەسی دیکەی هەمان تەمەنیش برینداربوون.
رۆژی شەممە، 4ی نیسانی 2026، جەعفەر میعادفەر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ئێران دوایین ئاماری تایبەت بە کوژراو و بریندارانی خوار تەمەن 18 ساڵ و ژنانی خستەڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە لانیکەم هەزار و 900 هاووڵاتیی خوار تەمەن 18 ساڵ بریندار بوون کە 121ـیان خوار تەمەن پێنج ساڵن.
بەگوتەی جەعفەر میعادفەر، هەر لەو ماوەیەدا و لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، 216 هاووڵاتیی خوار تەمەن 18 ساڵیش کوژراون کە 168ـیان لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی قوتابخانەی مینابی پارێزگای هورمزگانی وڵاتەکە بوون.
میعادفەر ئاماژەی بەوەشکرد، 17 لە کوژراوان تەمەنیان کەمتر لە پێنج ساڵ بووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ئێران، ژمارەی بریندارانی ژنیش لە ئەنجامی هێرشەکان گەیشتووەتە چوار هەزار و 695 کەس.
جەعفەر میعادفەر گوتیشی، لە سەرەتایی جەنگەوە 24 کارمەندیان لە کاتی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارنی جەنگ کوژراون و 116 کارمەندی تەندروستی و فریاکەوتن برینداربوون.