فەرماندەیەکی ئێران: بەو کەرەستە سەربازییانەی ئێستا، ناتوانین رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران دەڵێت، ئەو وڵاتە توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشە سەربازییەکانی نابێت، ئەگەر بە خێرایی گۆڕانکاری نەکەن و خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە نەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، حەبیبوڵڵا سەیاری، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، کەرەستەی سەربازیی نوێ و توانای مرۆیی پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان نییە.
 
حەبیبوڵڵا سەیاری جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕانکاری لە هێزەکانیان بە پێی کەرەستە و تەکنەلۆژیای نوێ کردەوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە بەو توانا و کەرەستە سەربازییانەی ئێستا هەمانە، ناتوانین رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە، بۆیە دەبێ خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین. دەبێ شێوازی بیرکردنەوەمان بگۆڕین، رەوتی پەروەردەمان بگۆڕین، نێوەڕۆکی پەروەردەی هێزەکانمان بگۆڕین. دەبێ بیر لە دابینکردنی کەرەستە و تەکنەلۆژیای نوێ بکەینەوە."
 
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری هاوئاهەنگی روونیکردەوە، "ئێمە سوود لە ئەزموونی شەڕی عێراق وەردەگرین، بەڵام ناتوانین بەپێی ئەزموونەکانمان لەو شەڕە و تەکتیک و کەرەستەکانی ئەو کات، لە داهاتوودا رووبەڕووی دوژمنان و هەڕەشەکان ببینەوە."
 
سەیاری هەروەها رایگەیاند، "پێویستە رێگەی نوێ، بیرکردنەوەی نوێ، پەروەردە و راهێنانی نوێ و کەرەستەی نوێمان هەبێت. دەبێ هەوڵی زۆر بدەین تاوەکو هێزی مرۆیی باش و پێویستمان هەبێت."
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران دەشڵێت: "لە شەڕدا ئەو کەسە سەردەکەوێت کە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیە و بە باشی راهێنراوە. فڕۆکەوانان و ئەو چەکدارانەی لە بەرەکانی شەڕدان، پێویستە بتوانن بە شێوەیەکی باش چەک و کەرەستە سەربازییەکان بەکاربهێنن و متمانەی پێویستیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن."
 
لەو رێوڕەسمەدا، جێگری فەرماندەی سوپای ئێران بۆ کاروباری پەروەردە و راهێنانیش جەختی لە پێویستی گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتی لە سوپای ئەو وڵاتەدا کرد و رایگەیاند، بەردەوامیی لە هەر رێکخراوێکدا پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و بەردەوام هەیە، کە پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی سیستەمی پەروەردە و راهێنان و هەروەها پێکهاتەی رێکخراوەییەوە هەیە.
 
عەلیڕەزا شێخ گوتی: "ئەگەر نەتوانین گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی پەروەردەدا بکەین کە لەگەڵ پێداویستییەکانی رۆژدا بگونجێت و راهێنانەکانی ئەمڕۆ بتوانێت پێداویستییەکانی سبەینێ دابین بکات، ئەوا ناتوانرێت لە گۆڕەپانی کێبڕکێ و بەرپرسیارێتیدا بمێنینەوە."
 
لێدوانی ئەو بەرپرسە سەربازییانەی ئێران لە کاتێکدایە، گەڕی چوارەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کە بریاربوو دوێنی شەممە، 3ی ئایاری 2025 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیان بەڕێوەبچێت، دواخرایەوە.
 
هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لیدوانی توندیان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان لە دژی تاران کردووە.