فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بۆ ئەمریکا: نزیکی تەنگەی هورمز ببنەوە، هێرش دەکەینە سەرتان


رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیەکی باڵای قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەداتە هێزە بیانییەکان و بەتایبەت سوپای ئەمریکا، ئەگەر هەوڵی نزیکبوونەوە یان چوونە ناو تەنگەی هورمز بدەن، رووبەڕووی هێرشی سەخت دەبنەوە.
 
عەلی عەبدوڵڵاهی لە پەیامێکدا کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، "بەردەوام رامانگەیاندووە کە ئاسایشی تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و لە هەر بارودۆخێکدا، هەر هاتووچۆیەکی ئارام دەبێت بە هاوئاهەنگیی هێزەکانمان بێت."
 
عەبدوڵڵاهی، پەیامێکی تووند ئاراستەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "سەرانی تاوانبار و سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا ماوەیەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان داوەتە چەتەیی دەریایی و ئاسایشی بازرگانی جیهانییان خستووەتە مەترسییەوە."
 
هەروەها رایدەگەیێنێت، هەر هێزێکی بیانی و بەتایبەت سوپای ئەمریکا بیەوێت لە تەنگەی هورمز نزیک ببێتەوە، دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانی ئێران و داوا لە کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرەکانی نەوت دەکات، بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەختە لەو تەنگەوە تێنەپەڕن بۆ ئەوەی ئاسایشیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
 
ئەم هۆشدارییەی فەرماندە باڵاکەی ئێران لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، بەیانیی رۆژی دووشەممە دەستپێشخەریی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ رزگارکردن و رێنوێنیکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێدەکات کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە؛ هۆشداریی ئەوەشی دا کە هەر دەستوەردانێک لەم پرۆسەیەدا بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ناوی ئەم پرۆژەیە "ئازادییە" و ئامانجی پڕۆژەکە رێنوێنیکردن و رزگارکردنی سەلامەتی ئەو کەشتییانەیە کە لە ئاوەکانی تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە، تاوەکو بتوانن بە ئازادی بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن.
 
 دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووند لەبارەی پرۆژەکەوە دەدات و دەڵێت، "بە هەر شێوەیەک دەستوەردان لەم پرۆسە مرۆییەدا بکرێت ئەو دەستوەردانە بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئێستا نزیکەی 2 هەزار کەشتی لە سنوورە ئاوییەکانی تەنگەی هورمز گیریان خواردووە.