ئێران: بە مووشەکی کروز هۆشداریمان بە کەشتییەکی ئەمریکا دا
رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێ، هێزی دەریایی وڵاتەکەی مووشەکی کروز، رۆکێت و درۆنی جەنگی وەک "هۆشداری" لە نزیک کەشتییە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکا لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا تەقاندووە. لە بەرامبەردا سوپای ئەمریکا دەڵێ، دوو کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکی چوونەتە کەنداو.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەلەڤزیۆنی ئێران، هێزی دەریایی ئەو وڵاتە کەشتییە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکای لە تەنگەی هورمز ناسیوەتەوە و تەقەی هۆشداری بە ئاراستە کردوون. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی کەشتییە تێکشکێنەرە زایۆنییە ئەمریکییەکان هۆشدارییە سەرەتاییەکانیان فەرامۆش کرد، هێزی دەریایی لە رێگەی تەقاندنی مووشەکی کروز، رۆکێت و درۆنی جەنگی لە دەوروبەری کەشتییە دووژمنە دەستدرێژکارەکان تەقەی هۆشداری لێکردن."
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی (پڕۆژەی ئازادی) راگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردن و بردنە دەرەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە. ترەمپ رۆژی یەکشەممە لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسی: "بۆ بەرژەوەندیی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو وڵاتانەمان گوتووە کە بە سەلامەتی کەشتییەکانیان لەو رێڕۆ ئاوییە سنووردارکراوانە دەهێنینە دەرەوە."
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئێران لە وەڵامی ئەم هەنگاوەدا هۆشداری دابوو، هەر جۆرە تێپەڕبوونێک بە تەنگەکەدا دەبێت بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی ئەوان بێت. لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "هۆشداری دەدەینە هەر هێزێکی چەکداریی بیانی، بەتایبەتی سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا، ئەگەر بیەوێ لە تەنگەی هورمز نزیک ببێتە یان بچێتە ناوی، دەکرێتە ئامانج و هێرشی دەکرێتە سەر."
پێشتر ئاژانسی (فارس)ـی ئێرانی رایگەیاندبوو، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لە تەنگەی هورمز بە مووشەک کراوەتە ئامانج و ناچار بە پاشەکشە کراوە. بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە خێرایی لە پۆستێکدا لە ئێکس، تەواوی بانگەشەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا نەکراوەتە ئامانج. هێزەکانی ئەمریکا سەرقاڵی پشتگیریکردنی (پڕۆژەی ئازادی) و جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرە ئێرانییەکانن."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەک-ئاراستەکراوەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی، دوای تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبیدا دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە.
بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی (پڕۆژەی ئازادی)ـدایە و ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ گەڕاندنەوەی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا دەدرێن.
سێنتکۆم دەڵێ، وەک هەنگاوی یەکەم، دوو کەشتیی بازرگانی کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەر بووە، بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمز پەڕیونەتەوە و بە سەلامەتی بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێ کەوتوون.