15 ئەندامی ستافی کەشتیی "تۆسکا" لە پاکستانەوە گەڕانەوە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی کەشتییەکەیان لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە، 15 ئەندامی ستافی کەشتیی "تۆسکا" لە رێگەی سنووری پاکستانەوە گەڕانەوە نێو خاکی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026، رێوڕەسمی پێشوازیکردن لەو 15 کارمەندە ئێرانییە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پارێزگای سیستان و بەلوچستان و فەرماندە سەربازییەکان لە خاڵی سنووریی ریمدان لە سیستان و بەلوچستان لەنێوان ئێران و پاکستان بەڕێوەچوو.
عەبدولعەزیز میایی، قایمقامی قەزای دەشتیاری لە پەراوێزی پێشوازیکردن لەو ستافە رایگەیاند: "گەڕانەوەی ئەم ئازیزانە بەرهەمی دیپلۆماسییەکی چالاک و راوێژکاریی بەردەوام بوو لەگەڵ لایەنی پاکستانییەوە." میایی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئیسلامئابادیشی کرد بۆ ئاسانکاری لە گەڕانەوەیان.
کەشتیی کۆنتێنەرهەڵگری "تۆسکا" کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بوو، لە 30ـی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن واشنتنەوە دەستبەسەرکرا.
بەرپرسانی تاران دەڵێن ئەو کەشتییە کەرەستەی پزیشکیی پێویستی بۆ نەخۆشانی "دیالیز"ی هەڵگرتبوو، بەڵام ئەمریکا بە پاساوی پێشێلکردنی گەمارۆکان دەستی بەسەردا گرت.
ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی"ـی دەستپێکردووە بۆ یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان، وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئێران رایانگەیاند کە ئەرتەشی ئێران دوو مووشەکیان ئاراستەی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی کردووە کە ویستوویەتی بەبێ مۆڵەت بچێتە ناو گەرووی هورمزەوە.
واشنتن گەمارۆیەکی تووندی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ئیسلامئاباد نەگەیشتنە ئەنجام.
فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دووپاتی دەکەنەوە کە هەر تێپەڕبوونێک لە گەرووی هورمز بەبێ مۆڵەتی ئەوان، بە هەڵگیرساندنی جەنگ دادەنرێت.
ئێستا گەرووی هورمز کە رێڕەوی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانە، لەنێوان هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکادا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە کە رەنگە ئاسایشی وزەی جیهان زیاتر بخاتە مەترسییەوە.