حکومەتی ئێران بڕیاری فرۆشتنی موڵکی گشتی بە کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کابینەی ئیبراهیم رەئیسی و پارێزگارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و سەرۆککۆماری ئێران داوای لە پارێزگارەکان کرد، جگە لە بەخشینی هیوا بە خەڵک لەسەر دۆخی ئابووری، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەتیش بکەن لە پارێزگاکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی بەرهەمهێناندا. پڕۆژەیەک کە رێگە دەدات موڵک و فەرمانگەکانی حکومەت بدرێنە کەرتی تایبەت.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "پڕۆژەی بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەت، بە باشی رانەگەیێندرا. لە ئەنجوومەنی ئابووری سەرۆکەکانی سێ دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و حکومەت، هیچ یاسایەکی بۆ دانەنراوە. ئەم یاسایە پێشتر پەرلەمان دایناوە و ئێمە تەنیا پرسیارمان ئەوە بوو کە چی بکەین ئەو یاسایەی ساڵانێکە دانراوە، جێبەجێبکرێت؟ ئەو یاسایەش رێکارێکە بۆ بەگەڕخستنی سامانەکانی حکومەت کە چەند ساڵە هیچ داهاتێکمان لەو رێگەیەوە نەبووە و دەتوانین بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە داهاتێکمان دەستبکەوێت بۆ گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنان. وەزارەتی ئابووری و پارێزگارەکانیش دەبێت جیددی بن لە جێبەجێکردنی خێرای ئەو یاسایە."
 
پڕۆژەی بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەت، زۆربەی کەرتەکانی وەکو پەروەردە، کشتوکاڵ و تەندروستی دەگرێتەوە.
 
لە قۆناخی یەکەمدا 514 موڵکی کەرتی پەروەردە بۆ فرۆشتن راگەیێندراون، کە 200یان قوتابخانەکانن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، کێشەی کەمیی شوێنی خوێندن لە ئێران هەیە و 70%ی قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە، خێرخوازان دروستی دەکەن. هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵیش 480 موڵک و سامانی خۆی بۆ فرۆشتن داناوە کە بەشێک لەوانە لە پلانی شارسازیدا وەکو پارک و شوێنی گشتی دیاریکراون. ئەو بابەتە ناڕەزایی بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتیشی لێکەوتەوە و دەڵێن، حکومەت بە فرۆشتنی سامانەکانی دەیەوێت کورتهێنانی بودجە پڕبکاتەوە.
 
فاتمە وەزیفە دادگەر، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی سامانەکانی خەزێنەی حکومەت دەڵێت، "نازانم وەکو بەرپرسێکی حکومی، رەخنەگرتن لەو بابەتە لەلایەن منەوە دروستە یان نا، بەڵام کاتێک ئێمە لە یاسای بودجەدا بڕی 100 هەزار ملیار تمەن بۆ بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەت پێشبینی دەکەین، ئەوە دیارە ئامانجمان بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەت نییە. ئێمە تەنیا دەمانەوێت ئەو سامانە بفرۆشین. لە کاتێکدا بەگەڕخستنەوەی سامانەکانی حکومەت پێویستی بە پلانی درێژماوە و پسپۆڕانەیە بۆئەوەی دەستکەوتێکی گەورەی ئابووریی هەبێت."
 
پڕۆژەکە ماوەی چوار مانگە لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بە سێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە راگەیێندراوە و لەم ماوەدا پسپۆڕانی ئابووری بەردەوام رەخنەیان لەو سیاسەتەی حکومەت گرتووە و دەڵێن، بەو شێوە هەموو سامانی حکومی رادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت کە لە ئێران زیاتر بە دەست لقە ئیدارییەکانی سوپای پاسداران بووە لە 30 ساڵی رابردوودا.
 
د. فەرشاد موئمینی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "لە سێ دەیەی رابردوودا نزیکەی 200 ملیار دۆلار سامانی بەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بەناوی کەرتی تایبەتەوە لەنێوچووە. هیچکام لەو بەڵێنانەی لەبارەی کەرتی تایبەتەوە درابوون، جێبەجێ نەکران. بەڵکو بە پێچەوانەوە و بە وردەکارییەوە جێبەجێ کران، بەڵام ئێستا بەناوی دەستوورەوە خەریکن یاسا دەور دەدەنەوە بۆ فرۆشتنی ئەو سامانە گشتییانەی دەستوور قەدەخەی کردووە بدرێتە کەرتی تایبەت."
 
وێنەی پۆلێکی خوێندن لە پارێزگای ئەهواز کە رۆژی دووشەممە میدیایەکی فەرمیی ئێرانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردبووە و باسی لەوە کردبوو ئەو پۆلە بەهۆی نەبوونی قوتابخانە، لەنێو ماڵدا بەڕێوەدەچێت. دیمەنی دیکەی بەشێک لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاوبوونەتەوە کە قوتابیانی ناچارن لە کانێکسدا بخوێنن. لە کاتێکدا تێچووی قوتابخانە تایبەتەکان لە شارە گەورەکانی وەکو تاران و مەشهەد بۆ سەرووی 50 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.