ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشکنەرەکانی لە ئێران کشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاند، پشکنەرانی رۆژی هەینی ئێرانیان بەجێهێشتووە، هاوکات داوای دەستپێکردنەوەی "چاودێری و وردبینییە بنەڕەتییەکانی" کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە راگرت.
رۆژی هەینی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "تیمێکی پشکنەرانی ئاژانسەکە، دوای ئەوەی بە درێژاییی ململانێ سەربازییەکەی ئەم دواییە لە تاران مابوونەوە، ئەمڕۆ بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و دەگەڕێنەوە بۆ بارەگای سەرەکیی ئاژانس لە ڤیەننا."
ئاژانسەکە دەشڵێت، "رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جەختی لە گرنگیی گفتوگۆی ئاژانسەکە لەگەڵ ئێران کردەوە سەبارەت بە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی چاودێری و وردبینیی بنەڕەتی لە ئێران بە زووترین کات."
ئێران رۆژی چوارشەممە بە فەرمی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی 25ی حوزەیران، رۆژێک دوای ئاگربەستەکە، پەرلەمانتارانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری راگرتنی هەماهەنگییەکەیان پەسند کرد.
راگرتنی هەماهەنگییەکان دوای پێکدادانە 12 رۆژییەکەی مانگی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێت، کە تێیدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی زیاد کرد.
بەگوێرەی میدیای ئێرانی، یاساکە ئامانجی "دڵنیابوونە لە پشتیوانیی تەواو بۆ مافە رەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لەژێر پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، بە تایبەتیش جەخت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکاتەوە.
واشنتن، کە گوشار لە تاران دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، رەخنەی لە بڕیارەکەی ئێران گرت و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد.