ئێران چوار سفر لە پارەکەی لادەبات
رووداو دیجیتاڵ
لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانیی ئێران لە لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسند کرا، بەڵام گۆڕینی ناوی دراوەکە لە ریاڵەوە بۆ تمەن رەتکرایەوە.
شەمسەدین حوسێنی، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لیژنەی ئابووریی پەرلەمان کۆبووەوە و پرۆژەیاسای حکومەتی لەبارەی لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانی و گۆڕینی ناوی دراوەکە تاوتوێ کرد.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانیی ئێران پەسند کرا، بەڵام پێشنیازی حکومەت بۆ گۆڕینی ناوی دراوەکە لە ریاڵەوە بۆ تمەن رەتکرایەوە.
حوسێنی گوتی، بەپێی بڕیاری لیژنەی ئابووریی پەرلەمان، ناوی دراوی نیشتمانیی ئێران هەر ریال دەبێت، بەڵام چوار سفری لەسەر لادەبرێت و هەر ریاڵێکی نوێ یەکسان دەبێت بە 10 هەزار ریاڵی ئێستا.
گوتیشی، بەپێی بڕیارەکە یەکەی وردی دراوەکەش دەبێتە قران و هەر ریاڵێک بە 100 قران دانراوە.
سەبارەت بە رەتکردنەوەی گوڕینی ناوی دراوەکە لە ریالەوە بۆ تمەن، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لەبەر ئەوەی پێشنیازەکەی حکومەت دژی بەندی (ئا)ی مادەی 58ی یاسای بانکی ناوەندیی ئێران بوو کە تێیدا بە روونی هاتووە، ناوی دراوی نیشتمانیی ئێران ریالە، لیژنە بڕیاری دا پێشنیازی حکومەت رەتبکاتەوە و ناوی دراوەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا لایەنگرانی، ئەم رێوشوێنە بە هەنگاوێک بەرەو چاکسازی لە پێکهاتەی دراو و ئاسانکاریی بازرگانی دەزانن، رەخنەگران هۆشداری دەدەن کە بەبێ سنووردارکردنی هەڵاوسان و چاکسازییە بنەڕەتییەکان، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا گۆڕینێکی رووکەش دەبێ بۆ داپۆشانی کێشە ئابوورییەکانی وڵات.
بە پێی میدیای ئێران، شارەزایانی ئابووری و شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانیی ئێران دەکرێ لە چەند لایەنێکەوە گرنگ بێت لەوانەش ئاسانکاری لە بابەتی دارایی و ژمێریاری، کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردن و پاراستنی دراو و سکە، زیادکردنی متمانەی گشتی بە دراوی نیشتمانی، بەڵام ئەگەر ئەم رێوشوێنە بەىی سنووردارکردنی هەڵاوسان و چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی حکومەت بگیرێتەبەر، دەبێتە شتێکی رووکەش و کاریگەرییەکەی راستەقینەی نابێت؛ هەروەها ئەگەر بە شێوەیەکی ناکارامە جێبەجێ بکرێت، لەوانەیە سەرلێشێواوی گشتی دروست بکات و تێچووی کارگێڕی زۆر بەسەر وڵاتدا بسەپێنێت.
پرۆژە یاسای لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی ئێران، یەکەمجار لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی کابینەی دووەمی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران ئامادە و پێشکەشی پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران راگیرا. ئێستاش دوای چەندین هەموارکردنەوە، جارێکی دیکە خراوەتەوە بەر باس و لە لیژنەی ئابووریی پەرلەمان پەسند کراوە.
بڕیارە دوای پەسندکردنی لە لایەن لیژنەی ئابوورییەوە، پرۆژەیاساکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی ئێران و لە کۆبوونەوەیەکی گشتیی پەرلەمان تاوتوێ بکرێت.