ئێران: رێگە بە دەستگەیشتن بە شوێنە ئەتۆمییەکان نادەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەپێی ئەو یاسایەی لەلایەن پەرلەمان پەسند کراوە، لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بە هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی نادرێت، دەستیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بگات.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئابی 2025، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "شاندی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکەن، تەنیا بۆ دانوستاندن و گفتوگۆی تەکنیکییە لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی وڵاتەکەمان."
عەزیزی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن و گوتی: "بەپێی ئەو یاسایە کە پەرلەمانی ئێران پەسندی کردووە، جگە لەوەی لە هیچ بارودۆخێکدا دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رێگە پێنەدراوە، هیچ پشکنینێک لەلایەن ئەم شاندەوە یان هەر رێکخراوێکی دیکەی بیانییەوە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەمان رێگەپێدراو نییە."
رۆژی چوارشەممە، 23ی تەمموزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران رەزامەندی دەربڕیوە کە رێگە بە تیمێکی تەکنیکی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی ئێران بکەن و تاوتوێی چۆنیەتی پەیوەندییەکانیان بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، دوای هێرشەکانی ئەمریکا ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رۆژی چوارشەممە، 25ی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد.
دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان گەرەنتی نەکرێت، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگرێت."
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاساکەی پەسند کرد.
راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، تاران لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نیگەرانە و پێیوایە، "هەڵوێستە نادروستەکانی رێکخراوەکە بوونەتە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران".