ئێران؛ تەنیا لە مانگی کۆتایی هاوینی ئەم ساڵ نرخی شتومەک 57٪ بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ژێر کاریگەری سەپاندنەوەی سزاکان، بەهای تمەنی ئێرانی دابەزیوە و نرخی زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکانی وڵاتەکەش بەرزبووەتەوە بەشێوەیەک "کرێکار و خانەنشین ئیدی نانی ئێوارەیشیان نییە."
 
کەمال حوسێن پوور، پەرلەمانتاری سەردەشت و پیرانشار دەڵێت، "نرخەکان بەرەو کەشکەلانی فەلەک بەرزبوونەتەوە. کرێکار و خانەنشین ئیدی نانی ئێوارەیشیان نییە. هەڵاوسان ژیانی خەڵکی ئیفلیج کردووە. خەڵکی لە ئامار و بەڵێنی سبەی ماندوون و داوای هەنگاوی بەپەلە و بەرپرسیارانە دەکەن. ئەم دۆخە واتە شکستی وەزارەتی کشتوکاڵ لە پاراستنی سفرەی خەڵک و ناپاکییە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی."
 
دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان، ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، ژاپۆن، بەریتانیا و تورکیا بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانیان چالاک کردووە. ئەوەش لە زۆربەی کەرتەکان رەنگی داوەتەوە.
 
لە کاتێکدا بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، تەنیا لە مانگی کۆتایی هاوینی ئەم ساڵ، نرخی شتومەک 57٪ بەرزبووەتەوە.
 
حەمیدڕەزا رەستگار، سەرۆکی ژووری پیشەکانی (ئەسنافی) تاران ئاماژە بەوە دەدات، "لەڕووی دابینکردنی کاڵا، ئێمە نەوەک تەنیا بە رادەی پێویست بەڵکو زیاتر لەوەش کاڵا سەرەکییەکانمان کۆگاکردوون. با خەڵکی نیگەران نەبن، نرخەکان ئاسایی دەبنەوە. خراپترین هەلومەرج، دۆخی جەنگ بوو کە راستەوخۆ نەوەک تەنیا لەگەڵ دوو وڵات بەڵکو لەگەڵ هەموو وڵاتانی نەیار شەڕمان کرد."
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێ، حکومەت پلانێکی تایبەتی بۆ قۆناخی دوای سناپ بەک ئامادە کردووە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە کابینەی وەزیراندا تاوتوێ بکرێ.
 
دەشڵێت، هیوادارن بە جێبەجێکردنی پلانەکە دۆخی بازار ئاسایی بێ و گوشار لەسەر بژێویی خەڵک کەمتر ببێت.