دادپزیشکیی ئێران: لە 6 مانگدا زیاتر لە 10 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوه
رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لە 6 مانگدا زیاتر لە 10 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان تەمەنیان 11 بۆ 39 ساڵ بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025، دادپزیشکیی ئێران ئاماری 6 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە وڵاتەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025، 10 هەزار و 414 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. 8 هەزار و 333 کەسیان لە رەگەزی نێر و دوو هەزار و 81 کەسەکەی دیکەیان لە رەگەزی مێ بوون.
هەر بەپێی ئامارەکە، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 39 ساڵ بووە.
هەر لەو شەش مانگەدا 202 هەزار و 145 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون کە بەراورد بە پار 1.2% زیادی کردووە.
دادپزیشکیی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، هۆشیارنەبوونی شۆفێران، لێخوڕینی بێباکانە، خراپیی رێگەوبان لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەموو مردن و برینداربوونە بوون.
زۆرترین مردن بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی تاران بە 856 کەس، فارس بە 803 کەس و خۆراسانی رەزەوی بە 733 کەس بووە. کەمترینیش لە پارێزگاکانی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە 106 کەس، قوم بە 142 کەس و کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بە 120 کەس بووە.